ئەو ماوەیەی تەمەنمان کامەیە کە تیایدا هیلاکترینین؟  

ئەو کاتەی کە خوێندکار بووم و لە بەشە ناوخۆیی دەمامەوە، بیرمە هەندێ لە هاوژورەکانم لە کاتژمێر ١٢ بە دواوە دەستیان دەکرد بە دۆمینە و یاری و تا درەنگ بەخەبەر دەبوون. بەیانیەکەشی، زوو بۆ دەوام ئامادەبوون وەک ئەوەی تەواو تێر خەو بووبن.

هەموومان لە تەمەنێکی گەنجیدا بەو تەجروبەیەدا ڕۆیشتووین، کەچی تا تەمەن زیاتر بەرەو سەر هەڵکشێ، جەستەت زووتر شەکەت دەبێ و پێویستی بە پشووی زیاترە. ئەو کاتەی کە دەگەینە ٤٠ ەکانی تەمەنمان، هەست دەکەین شەکەتی درەنگتر لە جەستەمان دەردەچێ و یەکسەر دەڵێین یان پێمان دەڵێن ئەوە “دەردە پیریە”.

لە ڕاستیدا و لە ڕووی زانستیشەوە، ٤٠ەکانی تەمەن هیلاککەرترین دەیەی تەمەنی مرۆڤە، نەک لەبەر ئەوەی ئەمە “دەردە پیریە” بەلكو لەبەر ئەوەی کە چەندەها گۆڕانکاری بایۆلۆجی بچووک هەن کە سودفە دەکەن هەموویان لە یەک کاتدا ڕووبدەن. ئەمەش وادەکات کە ژیان لە لامان ماندووکەرتربێت.

ئەوەی جێگەی خۆشحالی بێ ئەوەی کە ئەم گۆرانکاریانە مانای ئەوە نیە کە ئەگەر بگەیتە ٥٠ کان یاخود ٦٠ ەکانی تەمەنت وردە وردە وزەت بەرەو نەمان دەڕوا. لە خوارەوە بە وردی و لە ڕووی زانستیەوە ڕوونی دەکەمەوە کە لە هەر فەترەیەکی تەمەنی مرۆڤدا چ گۆرانکاریەک روودەدەن کە دەبنە هۆی زیادبوون یان کەمبوونی وزەی جەستە.

٢٠ کانی تەمەن، ساڵانی پڕ وزە

لە ٢٠ ەکانی تەمەندا کە تازە دەگەیتە هەڕەتی لاوێتی، کۆمەڵێ سیستەمی جەستە هەن کە بەیەکەوە دەگەنە لوتکە. بە نموونە، لەم تەمەنەدا، بارستایی ماسولکەکان تەنانەت بێ ڕاهێنانیش لە بەرزترین ئاستی خۆیدایەتی. ئەم بەرزی بارستاییەش لە بەرئەوەی چونکە بوونی ماسولکەی گەورە وادەکات جەستەت ئۆتۆماتیکی شەکری لەش ڕیکبخات و کەمترین وزەت پێویست بێ بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارەکانی رۆژانەت.

توێژینەوە زانستیەکان پیشانی دەدەن کە پەیکەرە ماسولکەکان لە رووی مێتابۆلیکیەوە چالاکن تەنانەت لەو کاتانەشدا کە لەشت لە پشوودایە. بە واتایەکی تر، تەنانەت ئەو کاتانەش کە لەشت لە پشوودایە، ئەم ماسولکانە لە کاردان بۆ بە زیندوو هێشتنەوەت و کەمترین وزەش سەرف دەکەن.

لەسەر ئاستی خانەش، مایتۆکۆندریاکانی ناو خانە – ئەو ئەندامۆچکانەی کە خۆراکی دەگۆڕن بۆ وزە – ژمارە و توانایان زیاترە لە خانەکاندا و وزەیەکی زۆر بەرهەمدەهێنن. ئەمەش وادەکات خانەکان کەمترین پاشەڕۆ و بەرهەمی ئیلتیهابی خراپ بەرهەمبهێنن.

لە هەمان کاتدا، ریتمی هۆڕمۆنەکانیش لەم تەمەنەدا جێگیرە و هۆڕمۆنەکانی وەک کۆرتیزۆڵ، میلاتۆنین، هۆڕمۆنی گەشە و سێکس رۆژانە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو بەرهەمدەهێنرێن، ئەمەش وادەکات کە جەستەت لە هەموو کاتەکاندا بڕی وزەی گونجاو و پێشبینیکراوی هەبێ.

بە کورتی و بە کوردی، لەم تەمەنەدا وزە زۆرە و دەتوانی بە ئارەزووی خۆت بە خراپی بەکاریبهێنی بەبێ ئەوەی کاریگەرێکی ئەرێنی لەسەر جەستە هەبێ.

٤٠ ەکانی تەمەن، ساڵانی شەکەتی

کە دەگەیتە ٤٠ەکانی تەمەن، هیچ کام لەم سیستەمانە لەکارنەکەوتون، بەڵام گۆڕانکاری بچووک لە جەستەدا کاریگەری گەورە جێدەهێڵن.

لە کۆتایی ٣٠یەکانی تەمەن، بارستایی ماسولکەکان بە بێ ڕاهێنانی بەردەوام بەرەو پوکانەوە دەڕوا. ئەم لەدەستدانی ماسولکەیەش گەرچی هێواشە، بەڵام تەئسیرەکەی بە پێچەوانەوە خێرایە. هەر بۆیە باشە لەو تەمەنەدا ڕاهێنانی بەردەوامی هێز بکەی. کەمبوونەوەی بارستەی ماسولکەیی مانای وایە کە جوڵەی ئاسایی ڕۆژانە پێویستی بە وزەیەکی زیاترە، تەنانەت گەر هەستیشی پێنەکەی.

لەم ساتانەدا، مایتۆکۆندریەکان هێشتا وزە بەرهەمدەهێنن، بەڵام بە شێوەیەکی خراپتر. گەر لە ٢٠ەکانی تەمەنت بتوانی خەو و سترێس باڵانس بکەی، ئەوا لە ٤٠ەکاندا چاکبوونەوە زۆر گرانتر لەسەرت دەکەوێ.

هەروەها خەویش گۆڕانکاری بەسەردا دێ. زۆرێک لە خەڵکی کاتژمێری خەوی تەواو وەردەگرن، بەڵام خەوەکەیان پچرپچڕ دەبێ. کەمبوونەوەی خەوی قوڵیش مانای ئەوەی کە جەستەت کەمتر دەتوانێ خۆی چاکبکاتەوە. لەم کاتەدا شەکەتی لە جیاتی ناوەناوە بێ، دەبێ بە شەکەتی کەڵەکەبوو.

لەم تەمەنەدا هۆڕمۆنەکان وننابن، بەڵکو رێژەیان کەم و زۆر دەکات بە تایبەتیش لە ئافرەتاندا. هەمەجۆری هۆرمۆنەکان، نەک نەقسیان، دەبێتە هۆی تێکدانی توانای جەستە بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی، کاتی خەو، وە ریتمی وزە.

ئینجا لەم تەمەنەدا، هیلاکی مێشکیش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە: ئەم تەمەنە بریتیە لە تەمەنی ڕەهای لۆدی هزری و عاتیفی. لەم تەمەنەدا پێویستە سەرکردایەتی بکەی بۆ خێزانەکەت، بەرپرسیارێتی گەورە دێتە سەر شانت، پێویستە وریاتر بی و ئیهتیمام بە کەسانی دەوروبەر بدەی. بەشی پریفرۆنتال کۆرتێکسی مێشک، کە بەرپرسە لە پلاندانان و بڕیاردان و ڕێگریکردن، بۆ ئەنجامدانی هەمان ئەم ئەرکانە پێویستە بە وزەیەکی زیاتر دەبێ. بە واتایاکی تر مەڵتی تاسکینگی هزری وەک کاری جەستەیی وزە سەرفدەکات.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانەی کە ٤٠ ەکانی تەمەن ئەوەندە هیلاککەرن.

٦٠ەکانی تەمەن، ساڵانی هیوا

خەڵکی عادەتەن وا وێنادەکەن کە ئەو شەکەتی و هیلاکی و دابەزینەی لە ناوەڕاستی تەمەندا تووشی دەبی بەردەوام دەبێت بۆ ساڵەکانی دواتری تەمەن. بەڵام، خەڵکی لە ڕاستیدا شتێکی دیکە دەڵێن.

عادەتەن لەم تەمەنەدا، سیستەمی هۆرمۆنەکان جێگیر دەبێت، ئەمە دوای ساڵانێک لە ناسەقامگیری. هەروەها، رۆلی کەسەکان لە ژیاندا ئاسانتر دەبێ – ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکانەی پێشتر هەتبوون ڕەنگە نەمێنن. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو لۆدە هزریەی لەسەر مێشکتبووە، دەکرێ بەرەو کەمبوونەوە ىروا. لەم تەمەنەدا، ئەزموونی ژیانت قەرەبووی کاتێکی زۆرت بۆ دەکات کە لە گەنجیدا پێویستبوو تەرخانی بکەی تا بتوانی بڕیار لەسەر شتێک بدەی.

تەمەن واناکات کە خەوت ئۆتۆماتیکی بەرەو خراپبوون بڕوا. بە کەمبوونەوەی سترێس و بوونی رۆتینێکی جێگیر لە ژیانتدا، دەکرێ فەترەی خەوت بەرەوە باشتربوون بڕوا. لەم تەمەنەدا، ماسولکەکان و مایتۆکۆندریاکان باشتر خۆیان لەگەل چوونە تەمەنەوە دەگونجێنن. یاریکردن و وەرزشکردن لە تەمەنی ٦٠ ەکان دەکرێ ببێتە هۆی گەڕانەوەی بەشێکی هێزی جەستە، چاکترکردنی تەندروستی مێتابۆلۆکی، وە زیادکردنی وزە لە ماوەی چەند مانگێکدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *